به‌هیوای ته‌ندروستیه‌كی باش بۆ هه‌موو لایه‌ك

Full width home advertisement

Post Page Advertisement [Top]

 


کێن ئەوانەی نابێ بەڕۆژوو بن؟


ئەگەرچی ڕۆژووگرتن یەكێكە لە پێنج فەرزەكانی مسوڵمانان، بەڵام لە هەندێك باردا نابێت مرۆڤ زۆر لەخۆی بكات و بەڕۆژووبێت، چوونكە زیان دەگەیەنێت بە جەستەی، پزیشكانیش بە گوێرەی شارەزایی خۆیان لە دین  تەندروستی ئەو كەسانە دیاردەكەن كە نابێت بەڕۆژووبن.

 

*نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس: ئەو نەخۆشانەی كە نابێت بەڕۆژوو ببن:

1 – برینی گەدە یان برینی دوانزدە گرێی لە ناكاو بێت.

2 – برینی گەدە یان برینی دوانزدە گرێی درێژخایەنی هەبێت، بەڵام لە ناكاو سەر هەڵداتەوە.

3 – ئاڵۆزی برینی گەدە و برینی دوانزدە گرێی هەبێت.

4 – نەخۆشێك ڕەوانی(زگچوونی) زۆری هەبێت.

5 – هەوكردنی ڤایرۆسی جگەری لەناكاو یان توندی هەبێت یان جەرگی لەناو چوو بێت.


* نەخۆشییەكانی گورچیلە:

بەردی گورچیلە: ئەگەر بەردی گورچیلە لە حەوزی گورچیلە یان بۆڕی میز هەبوو یان كەسەكە گورچیلەی بەردەوام بەردی دروست دەكرد، نابێت بەڕۆژوو ببێت، بەتایبەتی لە ڕۆژانی زۆر گەرمدا. هەرچی ئەوانەن، بە زمانی میللی، دەڵێن: (رەمل یان قوم)یان هەیە، ئەوانە: دەتوانن بەڕۆژوو ببن بەڵام لە مابەینی بەربانگ و پارشێو ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە و لەو خواردنانە دوور بن كە ماددەی ئۆكزالاتیان زۆر تێدایە، وەكو: سپێناخ و سڵق و چەرەزات و ...هتد. هەرچی ئەوانەشن كە تووشی پەككەوتنی گورچیلە بوون، ئەوا: دەبێت سەردانی پسپۆڕی گورچیلە بكەن بۆ بڕیار دان لە سەر بەڕۆژوو بوونیان.


* نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدان:

  أ. ڕەبۆ: ئەوانەی تووشی ڕەبۆی تووند بوونە یان نۆرەی ڕەبۆیان هەیە نابێت بەڕۆژوو بن.

  ب. ئەوانەی سینگیان ڕەش بووە(COPD): ئەگەر بە تووندی بوو نابێت بەڕۆژوو ببن.

  ج. نەخۆشی سیل لەناكاو: نابێت بەڕۆژوو ببن.

  د. هەوكردنی سییەكان: بەگوێرەی باری تەندروستی نەخۆشەكە پزیشك بڕیاری لەسەر دەدات.


* نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار و دەروونی:

 أ. خووداری: ئەوانەی گەشكەیان هەیە(خوودارن) نابێت بەڕۆژوو ببن.

 ب. ئەوانەی نەخۆشی لاسەرئێشەی تووندیان هەیە نابێت بەڕۆژوو ببن.

 ج. نەخۆشی خەمۆكی تووند و شكستە خۆیی: نابێت بەڕۆژوو ببن.


* نەخۆشی شەكرە: ئەو جۆرانەی نەخۆشی شەكرە ناتوانن بەڕۆژوو ببن:

  أ. شەكرەی منداڵان.

  ب. ئافرەتی دووگیان نەخۆشی شەكرەی هەبێت.

  ج. نەخۆشێك نەخۆشی شەكرەی هەبێت و چەند ڕۆژێك پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان تووشی بوورانەوە بوو بێت، بەهۆی زۆر بوونی شەكر یان دابەزینی شەكر.

   د. ئەو نەخۆشانەی شورنقەی ئەنسۆلین وەردەگرن، بە ژەمی زیاتر لە چل یەكەی ئەنسۆلین.

   هـ . شەكرەی ناجێگیر و تەواو كۆنترۆل نەبوو.

ب. حاڵەتە فەسڵەجییەكان: ئەو حاڵەتانەن كە بە نەخۆشی دانانرێن، بەڵام تیایاندا لەشی مرۆڤ گۆڕانكاری لە ڕووی فەرمان و كاركردنەوە بەسەر دادێت، لەوانە:

1. مرۆڤی بەناو ساڵ كەوتوو: ئەوانەی كە تەمەنیان لە سەرووی شەست و پێنج ساڵییە و هیچ نەخۆشییەكیان نییە بۆ ئەم ساڵ بەبێ ڕاوێژی پزیشك نابێت بە ڕۆژوو ببن، چونكە ڕۆژوو گۆڕانكاری دیار و بەر چاو لە سەر هەندێك فرمانی فسیۆلۆجی لەش دروست دەكات. ئەو تەمەنەش هەر بە گۆڕانكاری كەم كاردانەوەی خراپی لە سەر جەستەیان دەبێت، بۆیە نابێت بەڕۆژوو ببن. هەرچی ئەوانەن كە لەو تەمەنەن و نەخۆشییان هەیە، ئەوا: نابێت بە هیچ شێوەیەك بەڕۆژوو ببن.

2. ژنی دووگیان و شیردەر: ئەگەر زانرا كە بەڕۆژوو بوونەكە كاردانەوەی خراپی لەسەر دایكەكە یان كۆرپەكە یان هەردووكیان دەبێت، نابێت ژنەكە بەڕۆژوو بێت.


مریم سەربەست/ قۆناغی۳/ کۆلێژی پەرستاری

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Bottom Ad [Post Page]