سیستمی هەڕەمی ماسلۆ بۆ پێداویستییەکانی مرۆڤ maslow hierarchy of human needs
دەرونزان ئەبراهام ماسلۆ چەمکی هەڕەمی پێداویستییەکانی مرۆڤی داهێنا، هەڕەمە پێشنیارکراوەکەی بریتییە لەوەی کە خەڵک هانبدرێت بۆ هێنانەدی پێداویستییە بنەڕەتی و بنچینەییەکان کە مانەوەی ژیانی مرۆڤیان لەسەر بەندە، پێش هێنانەدی ئەو پێداویستییانەی کە مانەوەی ژیان پێیانەوە بەند نییە.
هەڕەمی ماسلۆ عادەتەن وەک هەڕەمێکی قوچەکی لەگەڵ 5 ئاست خراوەتەڕوو و پلەبەندی بۆ کراوە، هەرچەندە تازەترین وێنەکانی هەڕەمی قوچەکی 7 یان 8 ئاستی هەیە، بەڵام کێشە نییە ئەو هەڕەمەی تۆ چاوی پێدادەخشێنی چەن ئاستە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە خوارترین ئاستەکانی هەڕەمەکە پێکهاتووە لە بنەڕەتترین پێداویستییەکان، وە لەهەمان کاتدا پێداویستییە ئاڵۆزەکان دەکەونە لوتکەی هەڕەمەکە، ئاستەکانی خوارەوە پێداویستییە فیسیۆلۆجییەکان (جەستەییەکان) پیشان دەدات، وە ئاستەکانی سەرەوە پێداویستییەکانی گەشەکردن و گۆڕانکاری پیشان دەدات، ماسلۆ باوەڕی وایە کە پێویستە ئاستەکانی خوارەوە دابینبکرێن پێش ئاستەکانی سەرەوە کە کاردەکەنە سەر ڕەوشت و ڕەفتار.
بیردۆزی پاڵنەری ماسلۆ
بنەمای بیردۆزی پاڵنەری ماسلۆ بریتییە لەوەی کە مرۆڤ لەلایەن پێداویستییە تێرنەکراوەکانەوە هاندەدرێت، وە بێگومان پێداویستییەکانی خوارەوەی هەڕەکەمە پێویستە تێر بکرێن پێش پێداویستییەکانی سەرەوە.
پێداویستییەکانی بنکەی هەڕەمەکە پێویستییە فیزیکییە بنەڕەتییەکانن کە پێکدێن لە: خواردن و ئاو و هەوا و خەوتن...هتد، پاش ئەوەی پێداویستییەکانی ئاستی خوارەوە تێرکران، خەڵکی ئەتوانن تێبپەڕن بۆ پێداویستییەکانی ئاستی داهاتوو کە ئاسایش و سەلامەتین، پاش ئەوەی ئەم پێداویستییانەش بە تەواوی تێرکران، کەسەکە دەتوانێت بگاتە ئاستی داهاتووتر، سەرەنجام پاش ئەوەی هەموو پێداویستییەکانی خوارەوەی هەڕەمە تێرکران، دەتوانن بگەن بە بەرزترین ئاستی هەڕەمەکە ئەویش پێی دەوترێت بەدیهێنانی خود.
ماسلۆ باوەڕی وایە کە هەموو خەڵک هاندەدرێن بۆ سەرەوەی قوچەکەکە بەرەو ئاستی خود بەدیهێنان، کە بەداخەوە بەردەوامبوون و پەرەسەندن دەوەستێت بەهۆی بێ توانایی بۆ گەیشتن بە پێداویستییەکانی ئاستەکانی خوارەوە، ئەو باوەڕی وایە کەسێک ناتوانێت خود بەدیهێنەر بێت، گەر برسی بێت بۆ خواردن یان گەر هێشتا بگەڕێ بەدوای خۆشەویستی و ئارەزووکردن بۆ پێداویستییەکانی تر.
پێنج ئاستەکەی هەڕەمی پێداویستییەکانی ماسلۆ:-
1-پێداویستییە فیسیۆلۆجییەکان Physiological needs:
مامەڵە لەگەڵ ڕێکخستن و پاراستنی لەش دەکات و پێکدێت لە سەرەتاییترین پێداویستییەکان کە مانەوەی ژیانی مرۆڤیان پێوە بەندە وەک ئاو و خۆراک و هەوا، خەوتن، سێکس، ڕووناکی، پۆشاک و شوێنی نیشتەجێبوون...هتد، تاوەکو ئەم پێداویستییانە فەراهەم نەکرێت مرۆڤ ناتوانێت بگاتە ئاستی سەرووتر، بۆ نمونە کە تۆ تینوت بوو سەرەتا هەوڵدەدەیت تینویەتیت بشکێنی پێش ئەوەی هەوڵی دابینکردنی لایەنی ئاسایش بدەیت.
2-پێداویستی ئاسایش و سەلامەتی Safety and security needs:
بریتییە لە پاراستنی مرۆڤ لەو شتانەی زیانی پێ دەگەیەنن، ئەم پێویستییە تەنها بۆ پارێزراوی خود و جەستە نییە، بەڵکو بۆ ئاسایشی کار و دارایی و پارێزراوی ماڵ و خێزانی و تەندروستیشه، ھەروەھا پاراستن لەو مەترسییانەی کە ھەڕەشە لەتەندروستی و سەلامەتی مرۆڤ دەکات وەکو دروست بوونی کێشە سیاسی و تائیفی و خێڵەکییەکان و شەڕ وجەنگ، ڕێگری کردن لە نەبوونی بیمەی تەندروستی و بێ کاری و پەناگە و پاراستن لە هەژاری دەگرێتەوە، پێداویستییەکانی ئەم قۆناغەش بریتین لە: (سەلامەتی جەستەیی و ئاسایشی پیشەیی و داهات و ماڵ، ئازادی و یاسا بۆ هەمووان..هتد)
3-پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان Social needs:
فەراهەم کردنی پەیوەندی خێزانی و خزمایەتی و هاوڕێیەتی و پێکەوەژیانە و هەروەها خۆشەیستی و لایەنی سۆزداری، ئەمەش بۆ دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە وە پەیوەست بوون بە کۆمەڵگاوە و هەستکردنە بە ئاسودەبوون لەگەڵ دەوروبەر، بەپێچەوانەوەش بە دابین نەکردنیان مرۆڤ توشی نائارامی و پەشێوی و گۆشەگیری و هەستی ناخۆش دەبێت، پێداویستییەکانی ئەم قۆناغەش بریتین لە: (پەیوەندی خێزانی و هاوڕێیەتی و کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان..هتد)
4-پێداویستییەکانی ڕێزگرتن و پێزانین esteem needs:
دوای ئەوەی بنەڕەتترین پێداویستییەکان فەراهەم کران و پاش دابینکردنی لایەنی پەیوەندییەکان وخۆشەویستی و سۆز، تاک دەتوانێت بەهەستێکی ئەرێنیانە دەست بکات بە پەرەسەندنی لایەنی ڕێز و بەها و پێزانینی خود و بەرامبەریش هەروەها بەرەوپێشچوونی تواناکان و بەهێزکردنی بیرکردنەوەکانی و هەستکردن بە ڕێز و بەهای تاک لەناو دەوروبەرەکەی و شانازی بەخۆکردن لە کارەکاندا، گرنگترین پێداویستییەکانی ئەم ئاستەش بریتین له: ( ڕێزگرتنی خود و بەرامبەر، بەهای خود و بەرامبەر، متمانە بەخۆبوون، دەروونبەرزی، شانازی بەخۆکردن، ئامانجی بەدەستهاتوو...هتد)
5-پێداویستی خود بەدیهێنان(سەلماندنی کەسێتی) Self-Actualization needs:
بەرزترین ئاستی هەڕەمەکەی ماسلۆیە، کە ئەم ئاستە پەیوەستە بەتوانا و جێگیربوونی باری دەروونی و هەست پێکردنی تاک بۆ سەلماندنی خود و دروست کردنی کەسایەتی و پێگەی پیشەیی و کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگادا و پەسەندکردنی ڕاستییەکان لەلایەن تاک، هەوڵدان بۆ بوون بە داهێنەر و داهێنان و پێشكهشكردنی توانا و بههرهكانی تاک، لە ئەنجامدا مرۆڤ به ئامانج و ئاواتەکانی دهگات و لهتوانایدا دەبێت کێشەکانی خۆی و كهسانی دیکە چارهسهر بكات و تاکی ڕۆشنبیر دروست دەبێت، پیداویستییهكانی ئهم قۆناغەش بریتین له: ( داهێنان، چارهسهری گرفتهكان و پهسهندكردنی ڕاستییەکان، پەسەندکردن و گەشەکردنی کەسێتی، هەست پێکردن بە هێزی کەسێتی، شوێنکەوتنی توانا و بەهرەکان...هتد)
سهلام محمد
خوێندكاری قۆناغی سێ - زانكۆی سلێمانی | كۆلێژی پهرستاری
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق