| پلازمای خوێن و پڕۆسەی بەخشینی پلازما |
ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر باس و خواسی تازە و کۆمەڵێک وشەی نوێی ھێنایە کایەوە کە بێ شک بۆ زۆربەی خەڵکی بابەت و دەستەواژەی تازە و نەبیستراو بوون.
لە ئێستایا یەک لە باسە گەرمەکانی ڕۆژ کە بە بەردەوامی بەر گوێمان دەکەوێ و دەیبیستین و دەیبینین بابەتی بەخشینی پلازمای خوێنی ئەو کەسانەیە کە چاکبونەتەوە لە نەخۆشییەکە بۆ ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا کە پێویستیان پێیەتی وەک بەشێک لە میکانیزمی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، وە لەبەر پێویستی بابەتەکە و بەرکەوتنمان لەگەڵی بە پێویستم زانی ئەم نووسینە ئامادە بکەم.
سەرەتا پێش ئەوەی دەست بکەم بە باسکردنی بابەتەکە ئەمەوێت ئاماژە بە چەن شتێک بکەم:
١- من لێرەیا ھەوڵەیەم زۆر بە کورتی پلازمای خوێن و پڕۆسەی بەخشینی پلازما بە خەڵک بە گشتی بناسێنم.
٢-ئەوەی من کردوومە تەنھا کۆکردنەوەی زانیارییەکانە لە چەند سەرچاوەیەکی جیھانی باوەڕپێکراو وە پوختەیەکم لێ وەرگرتووە و وەرگێڕانم بۆ کردووە.
٣-سەرچاوەکان لە کۆتایی نوسینەکەیا دائەنێم بۆ ھەر کەسێک کە ئارەزومەندە بە وردی لەسەر تەواوی پڕۆسەکە بخوێنێتەوە.
•پلازمای خوێن چییە؟
پلازما ئەو پێکھێنە شلە ڕەنگ زەردەی خوێنە کە لە نیوەی زیاتری قەبارەی خوێن پێکەھێنێت و وەک سییستەمێکی گواستنەوە کار ئەکات بۆ گواستنەوەی ئەو مادانەی کە لە خوێندا ھەیە.
پلازما ٪٩٠ ی ئاوە وە ٪١٠ ی ئەو ماددانەیە کە لەڕێگەیەوە دەگوێزرێنەوە.
•چۆنێتی کرداری گواستنەوەی پلازمای خوێن
لە کرداری گواستنەوەی پلازمادا دوای ئەوەی کە خوێن لە بەخشەرەکە وەردەگیرێت لە ڕێگەی ئامێرێکی پێشکەوتووەوە پلازمای بەخشەرەکە لە خوێنەکەی جیا دەکرێتەوە و تەواوی خوێنەکە(جگە لە پلازماکە) ئەگەڕێندرێتەوە بۆ بەخشەرەکە وە پاشان پلازمای وەرگیراو لە ئامێرێکێ تایبەتا لە پلەیەکی گەرمی زۆر نزم(پلەی بەستنی پلازماکە) ھەڵدەگیرێت تا کاتی بەکارھێنانی.
ئەوەی لێرەیا گرنگە بیڵێم بەخشینی پلازما پڕۆسەیەکی تەواو تەندروست و سەلامەتە بۆ کەسی بەخشەر و ھیچ زیانێکی لاوەکی نییە بەڵام پاش ڕاوێژکردن و ڕیگەپێدان لەلایەن پزیشکەوە،زۆر گرنگە بۆ کەسی بەخشەر کە بێ ڕێگەپێدان و ئۆکەی پزیشک پلازما نەبەخشێت.
•گونجاندنی گروپی خوێن لە پڕۆسەی بەخشینی پلازما
ئێمە بۆ بەخشینی خوێن دوو شت لەبەرچاو ئەگرین
١-سیستەمی ABO: واتە گروپی خوێنەکەت A,B,AB,O.
٢-Rh فاکتەر: پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ
بەڵام بۆ بەخشینی پلازما کە تەواو جیاوازە لە بەخشینی خوێن،(Rh فاکتەر) لەبەرچاو ناگیرێ و بەپێی لێکۆڵینەوەکان کاریگەری نییە واتە پۆزەتیڤ نێگەتیڤی خوێنەکەت کێشە دروست ناکات.
ئەوەی ئەمێنێتەوە گونجاندنی سیستەمی ABO یە بەم شێوەیەی خوارەوە:-
سەرەتا بە نسبەت کەسی بەخشەرەوە قسە ئەکەین:
١-ھەر کەسێک کە گروپی خوێنەکەی AB بوو ئەتوانێت پلازما ببەخشێت بە ھەموو گروپەکانی تر واتە بەخشەری گشتییە.
٢-گروپی خوێنی A ئەتوانێت پلازما ببەخشێت بە گروپی A و گروپی O.
٣-گروپی خوێنی B ئەتوانێت پلازما ببەخشێت بە گروپی B و گروپی O.
٤-گروپی خوێنی O ئەتوانێ پلازما ببەخشێت تەنھا بە گروپی O.
وە ئەگەر بە نسبەت کەسی وەرگرەوە قسە بکەین بەم شێوەیە ئەبێت:
١-گروپی خوێنی O ئەتوانێت پلازما وەرگرێت لە ھەموو گروپەکانی تر واتە وەرگری گشتییە.
٢-گروپی خوێنی A ئەتوانێت پلازما وەرگرێت لە گروپی A و گروپی AB.
٣-گروپی خوێنی B ئەتوانێت پلازما وەرگرێت لە گروپی B و گروپی AB.
٤-گروپی خوێنی AB ئەتوانێت پلازما وەرگرێت تەنھا لە گروپی AB.
بە ھیوای سوود بینین و تەندروستییەکی باش بۆ ھەموو لایەک.
سەرچاوە:
https://professionaleducation.blood.ca/en/transfusion/publications/blood-basics
https://gpnotebook.com/simplepage.cfm?ID=1959788582
ڕێکار صفاء
خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی ددان - قۆناغی سێیەم
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق